هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ستێرك تیڤی، جەختی كردەوە "گەر دەوڵەتی تورك خواستی چارەسەری هەبێت، ئەوا پێویستە هەنگاوی دەستەبەر کراو بنێت. دەبێت هەلومەرج، سیاسەت، یاساكانی پەیوەست بە ڕێبەری پەکەکە بگۆڕدرێت. تەنیا لەو دۆخەكە پرسەكان بەرەو چارەسەری دەڕۆن.
بایك بە ئاماژە دان بەوەی كە پرۆسەی چەكدانانی گرووپێك لە هێزەکانی پەکەکە "لەسەر بانگەوازەكەی ئۆجەلان" بوو و "ئەو بۆ ئێمە بنەمایە"، دەڵێت "جگە لە ڕێبەری پەکەکە، كەس ناتوانێت داوای دانانی چەكیان لێ بكات".
سەبارەت بە مەرج و داواكارییەكانیان بۆ درێژەدان بە هەنگاوەكانی چەكدانان، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر توركیا گۆڕانكاری لە هەلومەرجی ڕێبەری باڵای پەکەکە بكات و گۆشەگیری لاببات كە بە شێوەیەكی ئازاد چالاکی بكات، بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو كەسێك دانێت، یاساكانی ئازادی و ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك بەرەوپێش ببات، ئەوا بنەمایەك دروست دەبێت و دەتوانین چەك دانێین".
جەمیل بایك پەیامێكی هەیە كە وەكوو خۆی دەڵێت "پێویستە هەموو كەسێك زۆر بە ڕوونی لەوە تێ بگات". ئەویش ئەوەیە كە "ئەگەر دەوڵەتی تورك بیەوێت فریومان بدات، بێ چەكمان بكات، نیگەرانمان بكات و ئامانجەكانی لە دژی كورد جێبەجێ بكات، ئەوا بۆیان ناچێتەسەر.
بایك ڕەخنە لە توركیا و بە تایبەت ئەردۆغان دەگرێت كە هێشتا پرۆسەی ئاشتی بە "توركیای بێ تیرۆر" ناو دەبات و دان بە چارەسەری "پرسی كورد"دا نانێت. هەروەها ئەو كۆمیسیۆنەیان لە پەرلەمانی توركیا بۆ چارەسەری یاسایی كێشەی كورد پێك نەهێناوە كە چەندین جار ئۆجەلان جەختی لێ كردووەتەوە.
"ئەردۆغان لە قسەكانیدا نەیوت، 'پرسی كورد چارەسەر دەكەین، بەو مەبەستە كۆمیسیۆنێك دادەمەزرێنین'. وتی 'وەكو ئاكەپە-مەهەپە-دەم پارتی كێشەكان چارەسەر دەكەین' و هەموو لایەنەكانی تری لە دەرەوە دانا. باسی ڕێكەوتنی كورد، عەرەب و توركی كرد، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەڵگەی تریش هەن. هەندێكیان بێنیت و هەندێكیان لە دەرەوە دابنێیت"، جەمیل بایك وا دەڵێت.
خاڵی دیكە كە هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە تیشكی دەخاتە سەر، ئەوەیە كە "لەلایەك دەڵێن پرسەكە چارەسەر دەكەین، بەڵام لە لایەكی ترەوە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی پرسەكە چارەسەر نەكرێت". بایك، گومان دەخاتە سەر دەستگیركردنی سەرۆكشارەوانییەكان و فشارەكانی سەر جەهەپە، "ڕێك لەو كاتەدا كە بڕیارە كۆمیسیۆنەكە پێك بهێنرێت" و دەڵێت "كەسێك ئامانجی چارەسەركردنی پرسەكەیە، چۆن دەتوانێت هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت؟!".
هەروەها هاوسەرۆكی كەجەكە باس لە گەڕانەوەی ئەو چەکدارانە بۆ شاخ دەكات كە چەكەكانیان سووتاند، لەبەر ئەوەی زەمینەی ژیانیان لە توركیا نەڕەخسێنراوە.
"تاوەكو یاساكان نەگۆڕدرێن و زەمینیەكی یاسایی ئامادە نەكرێت، چۆن هەڤاڵان بچنە توركیا؟ ئەو كەسەی ساڵانێكە بە چەكەوە لە چیادا دەژی، چۆن دەتوانێت چەكەكەی دانێت و بەم شێوەیە بمێنێتەوە؟ لە توركیا هیچ شوێنێك نییە بچن، زەمینە نییە، تەنانەت ناتوانن لەوێ بژین"، جەمیل بایك وای وت.
Your Comment